-

لاپهڕهکانیتر
نووسراوه‌ی نوێ
بۆچوونی نوێ
ئه‌رشیڤ
- آوریل 2012 (1)
- فوریه 2012 (1)
- ژانویه 2012 (2)
- نوامبر 2011 (1)
- اکتبر 2011 (1)
- می 2011 (1)
- آوریل 2011 (1)
- مارس 2011 (1)
- فوریه 2011 (1)
- سپتامبر 2010 (1)
- آگوست 2010 (2)
- جولای 2010 (3)
- ژوئن 2010 (2)
- می 2010 (2)
- آوریل 2010 (4)
- مارس 2010 (8)
- فوریه 2010 (2)
- ژانویه 2010 (10)
- نوامبر 2009 (1)
- اکتبر 2009 (1)
- سپتامبر 2009 (1)
- آگوست 2009 (1)
- جولای 2009 (1)
- ژوئن 2009 (2)
- می 2009 (1)
- آوریل 2009 (3)
- مارس 2009 (1)
- فوریه 2009 (1)
- دسامبر 2008 (4)
- نوامبر 2008 (2)
- اکتبر 2008 (3)
- ژانویه 2008 (1)
بینراوه
- ناو! - 838 views
- پێناسه - 744 views
- ئارامۆ شۆ - 644 views
- پێوانه‌ی کورد بوون ! - 624 views
- هه‌ورامان! - 562 views
فۆتۆ راوێژ
سه‌ردان
Apr
3
نووسینی : ئه‌یوب نه‌قشبه‌ندی ، مامۆستای زانکۆ - وه‌رگێڕان: فه‌ردین مه‌زهه‌رپوور
به درێژایی مێژوو ، ئه‌ده‌بیات هۆکاری ده‌ربڕینی جووانترین و به سۆزترین هه‌سته‌کانی به‌شه‌ر ببوه . فڕینی خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤ ، وه‌ک تابلۆیکی هه‌مه‌ڕه‌نگه ، که له ڕه‌وتی مێژووی هه‌زاران ساڵه‌ی ژیانی به‌شه‌ر وه‌ک پێگه‌یه‌ک بووه بۆ ده‌ربڕینی ئه‌و سۆزومه‌راقه‌ی وا له دڵی مرۆڤه‌کاندا بووه .
به درێژایی مێژوو ، شێعر سه‌مه‌ر‌ومیوه‌ی ئه‌ندێشه‌ی به‌شه‌ر بووه . شاعیر وه‌ک باخه‌وانێک ئه‌م میوه ئاودارو ترش‌و شیرینه‌ی ، به‌و په‌ڕی له خۆ بردوویی پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری کردووه . شاعیران به سیحری که‌لامی خۆیان له یه‌ک کات‌دا ده‌روونی خۆیان‌و ناخی کۆمه‌ڵگایان ، وه‌ک ئاوێنه‌یه‌ک له ڕاستیه‌کان نیشانی ئه‌و که‌سانه ئه‌ده‌ن که له هه‌ست‌و ئه‌ندێشه‌ی ناسک بێ‌وه‌رین !
له‌و ڕۆژ‌وه‌وه که مرۆڤ وه‌ک بوونه‌وه‌رێک هاتۆته سه‌ر زه‌وی ، شێعر ئامرازێ بووه بۆ ده‌ربڕینی خۆزگه‌و ئاوات‌و ناکامی‌و شادی‌و بیره‌وه‌ره‌کانی . ئه‌گه‌ر ووشه‌و که‌لام‌و شێعر له مرۆڤایه‌تی جیا بکه‌ینه‌وه ، جیهان وه‌ک زیندانێکی گه‌وره‌ی لێ دێ . ئه‌گه‌ر شاعیران غه‌م ، خۆشی ، ئاره‌زووکان ، تاڵی و سوێریه‌کانی ژیانی به‌شه‌ریان به شێعری خۆیان ده‌ر نه‌خساتیت ، ڕوون‌و ئاشکرایه مرۆڤایه‌تی به خۆی و ناخیه‌وه ، ئه‌و هه‌موو ئاوات و ئاره‌زو و قسانه‌ی ، له ژێر ڕکێفی بێ ڕه‌حمانه‌ی تێ‌په‌ڕ بوونی زه‌ماندا بۆ هه‌تاهه‌تایه جێ ئه‌هێشت و له یاد ئه‌چوون .
له هه‌موو کۆمه‌ڵگایک شێعر وه‌ک هونه‌رێک ڕێزی لێ گیراوه‌وه‌و شاعیریش وه‌ک پێغه‌مبه‌رێک به سۆزی که‌لامی خۆی کاری کردۆته سه‌ر هه‌ستی گه‌له‌که‌ی . هیچ نه‌ته‌وه‌یک نی‌یه له جیهاندا که به شاعیر و نووسه‌رانیه‌وه شانازی نه‌کات و شێعری هه‌ر گه‌لێک وه‌ک شوناسێکی تایبه‌تی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه لێ هاتووه .
ئه‌ده‌بیات خاوه‌ن دوو به‌شه‌ی سه‌ره‌کی‌یه و ئه‌م دوو به‌شه بریتین له :
یه‌که‌م ئه‌ده‌بی ( التذاذی ) : له ناوه‌رۆکی ووشه‌ی ( التذاذ ) بۆمان ده‌ر ئه‌که‌وێ ئه‌و جۆره ده‌ق و نووسینانه له خۆ ئه‌گرێ ، که چێژێکی تایبه‌ت به ناخ و بیر و ئه‌ندێشه ئه‌به‌خشن . وه‌ک ( غزل ) و ( قصیده ) و ( رباعی ) ، … یا هه‌ر بڕگه‌یکی ئه‌ده‌بی بێت که په‌ند و ئه‌نده‌رز له خۆ بگرێ .
دووه‌م ئه‌ده‌بی ( التزامی ) : زۆرتر ئه‌و ده‌قانه له خۆ ئه‌گرێ که شاعیر یان نووسه‌ر به هه‌ر هۆیه‌کی تاکه که‌سی یان جه‌بری کۆمه‌ڵگاوه بێت ، شێعر و بابه‌ت‌گه‌لێک له پێناو وه‌ده‌ست هێنانی پله و پایه و پاره ، یان له ڕووی ترس و زۆره‌وه بنووسێ و نووسینه‌کانی بڵاو کاته‌وه ، یان پێشکه‌شی حاکمان و ده‌سه‌ڵات‌دارانی کاتی خۆی بکات ، وه‌کوو ( مدح ) .
شێعری ( غنایی ) خاوه‌ن پانتاییکی زۆره له شێعری ( التذاذی ) دا و ئه‌م جۆره شێعرانه هۆکاری ده‌ر بڕینی هه‌ست و مه‌راقی ده‌روونی ئینسانه‌کانه . له لایکی‌تره‌وه ئه‌توانین بێژین که ئه‌ده‌بی ( حماسی ) ئه‌ده‌بیاتێکه له ده‌ره‌وه‌ی ناخی مرۆڤدا و ئه‌ده‌بی ( غنایی ) ، ئه‌ده‌بیاتی ناخ و ده‌روونی ئینسانه . یا له ڕوانینێکی‌تره‌وه ( حماسه ) گێڕانه‌وه‌ی قاره‌مانیه‌تی و به‌رخۆدانی هه‌رگه‌لێکه و ئه‌ده‌بیاتی ( غنایی ) گێڕانه‌وه‌ی ئه‌ندێشه‌ی ده‌روونی و ته‌نیاییه‌کانی تاکی هه‌ر کۆمه‌ڵگایکه .
ئاشکرایه ئه‌و گه‌لانه‌ی وا خاوه‌ن مێژوویکی دوور و درێژن له فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بدا ، ناوه‌رۆک و ڕۆحی هونه‌ره‌کانیان ، به تایبه‌ت له شێعردا لێک ده‌چن و له یه‌ک نزیکن . گۆڕانه‌وه‌ی ئه‌ندێشه و هێما و ئاره‌زوه‌کان و خه‌ونه‌کانیان به درێژایی مێژوو له گه‌ڵ یه‌کتردا زه‌ق و به‌رچاو و ڕونه .
ناسینی تێکه‌ڵاوی زمانی شاعیرانی جیهان ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ر ئه‌خات که په‌یوه‌ندیه فه‌رهه‌نگیه‌کان وه‌ک گرێ کوێره‌یکه که زۆربه‌ی گه‌لانی جیهانی به یه‌که‌وه به‌ستۆته‌وه .
لێره له‌م بابه‌ته‌دا ، تێکه‌ڵاوی زمانی شێعری ، شاعیری پایه‌به‌رز و ناسراوی گه‌لی کورد ، حه‌زره‌تی ” نالی ” له گه‌ڵ زمانی شاعیرانی شێواز‌و سه‌بکی ( عراقی ) ، وه‌ک ” حافظ ” و ” سعدی ” و ” خاقانی ” ، له مه‌ڕ نزیکی ناوه‌ڕۆک و بابه‌ت و به‌یانی ئیحساس دا ئه‌ده‌ینه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه .جێ‌ی خۆیه بوترێ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی وا له قه‌رزدان و قه‌رز گرتنی جوانی و بابه‌ت و ئه‌ندێشه دا به دی ئه‌کرێ ، نیشانه‌ی چاولێکردنی کوێرانه نی‌یه و به‌ڵکو نیشانه‌ی بیرێکی قووڵی ئینسانی‌یه .
له‌م بابه‌ته‌دا هه‌وڵ دراوه خاڵه به هێزه‌کانی شێعری حه‌زره‌تی ” نالی ” له گه‌ڵ ئه‌و تێکه‌ڵاویه‌ی وا له گه‌ڵ خاڵه به‌ر چاوه‌کانی زمانی شێعری ” غنایی ” فارسی دا هه‌یه‌تی باس و لێکۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر بکرێت .
زمانی ستایش کردن ( مدح ) له شێعردا ، له دووای هاتنی ئیسلامه‌وه ، به تایبه‌ت له شێواز و سه‌بکی ” خراسانی ” دا ، زمانێکی توانایه‌و ” قصیده ” گه‌لێکی زۆر له سایه‌ی ئه‌م شێوازه‌وه له دایک بووه . له شێواز و سه‌بکی ” عراقی ” دا شاعیر بێ‌په‌رده‌تر باسی شکۆمه‌ندی ئه‌و که‌سه ( ممدوح ) ئه‌کات که ستایشی کردووه . که‌متر درێژه ئه‌دات به که‌لام ، به تایبه‌ت له ” غزل ” دا ستایش زۆرتر خۆی له یه‌ک یان دوو به‌یت‌دا ئه‌بینێته‌وه . له شێعری ” نالی ” دا ستایش کردن کوڵ و کورت و بێ زیاده‌ڕه‌ویه . زمانی ستایشی شێعری ” نالی ” زۆرتر له زمانی ” حافظ ” نزیکه . ( وه‌رگێڕ : پێویسته ئه‌ومان له یاد بێت که ستایش کردن له شێعری کوردی‌دا که‌مه‌و تا ڕاده‌یه‌ک عه‌یب بووه ! ئه‌و شاعیرانه‌ش وا ستایشیان کردووه زۆرتر ستایشی پێغه‌مبه‌ر و ئه‌سحاب و گه‌وره پیاوانی دینیان کردووه و ئه‌گه‌ریش ستایشی حاکم و ده‌سه‌ڵاتیان کردبێ له ڕووی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی‌وه بووه ! )
” نالی ” له ستایشی ” سڵێمان پاشای بابان ” دا فه‌رموویه‌تی :
شاهی جم جا نالیا ( تاریخ جم ) ته‌ئریخیه
تا نه‌ڵێن له‌م عه‌سره‌دا ئه‌سکه‌نده‌ری جه‌م نه‌بوو
له تابووری عه‌سکه‌ر رێ نه‌بوو بۆ مه‌جلیسی پاشا
سه‌دای مۆزیقه و نه‌ققاره تا ئه‌یوانی که‌یوان بوو ص39
” نالی ” زۆربه شان و شکۆی حاکمانی کوردستان‌دا ، به تایبه‌ت حاکمانی بابان‌دا هه‌ڵی‌داوه‌و ستایشیانی کردووه . سه‌رباری ئه‌وه‌ی که ” نالی ” له گه‌ڵ حاکمانی بابان‌دا دۆستایه‌تی نزیکی بووه ، به‌ڵام قه‌د بۆ پله‌و پایه هه‌وڵی نه‌داوه‌و هیچ کاتێکیش چاوه‌ڕوانی دیاری نه‌بووه !
” نالی ” له رۆژانی فه‌قێه‌تی ، به شوێن عیلم و زانین‌دا به شار و لادێه‌ی‌کانی کوردستان‌دا گه‌ڕاوه . کاتێکیش که له‌و په‌ڕی که‌م ده‌رامه‌تی و فه‌قیری‌دا بووه ، قه‌د ده‌ستی نیازی له که‌سێک و له حاکمێک درێژ نه‌کردۆته‌وه . له‌م چه‌ند به‌یته‌دا باسی ئه‌و رۆژه ڕه‌ش و تاریکانه‌ی نه‌داری و هه‌ژاری ژیانی خۆی ئه‌کات و ئه‌ڵێ :
دوودی سه‌ر میچی گوڵه‌نگی له‌ت له‌تی ده‌سرازه کۆن
بان و دیواری به میسلی لانکه‌ی ئه‌جزا شکاو ص 356 بیت 2
ئاسمان هه‌ورین ده‌بێ ، ئێمه‌ش به غه‌مگینی ده‌ڵێین :
ئه‌ی خودا چ‌بکه‌ین له ژێر ئه‌م کاوله‌ی که‌س تیا نه‌ماو !؟ ص 358 بیت 6
” نالی ” له ستایشه‌کانیا زۆرتر باسی دۆستایه‌تی و نزیکی خۆی له گه‌ڵ ئه‌وانه ئه‌کات که ستایشیانی کردووه . به ڕاستی شاعیری ده‌ربار نی‌یه‌و له هیچ کاتێکدا که‌لام و شێعری خۆی له پێناوی دیاری و پله و پایه‌دا هه‌رزان فرۆش نه‌کردووه و رۆحی ده‌ماخ به‌رزی به شێعره‌کانی‌یه‌وه دیاره . ستایشه عاشقانه‌کانی ” نالی ” وا له ترۆپکی جوانی و به هێزی‌دا . دڵدار له شێعره‌کانی ” نالی ” دا زۆرتر دڵدارێکی مه‌جازی‌یه‌و هه‌ر هه‌موو دڵداره‌کانی له جنسی مێینه‌ن ! . ( وه‌رگێڕ : به پێچه‌وانه‌ی شاعیرانی فارس که ستایشی معشوقی هاوجنسی خۆیانیان کردووه ! )
” نالی ” فه‌رموویه :
لاله‌ن به به‌ده‌ن ، ئه‌تڵه‌سی ئه‌خضه‌ر که له به‌ر که‌ن
نه‌و ڕه‌سته گوڵن ، به‌سته له گه‌ڵ ده‌سته گیاهن ص343 بیت 7
بۆ سه‌یری خه‌رامیده‌نی ئه‌و سه‌رو قه‌دانه ،
صۆفی له طه‌ڵه‌بدان و ، هه‌موو سالیکی ڕاهن ص 344 بیت 9
به چاو خشاندنێکی ورد به ژیان و دیوان و شێعره‌کانی نالی‌دا بۆمان ده‌ر ئه‌که‌وێ که نالی که‌سێکی عارف نه‌بووه . به‌ڵام تا ڕاده‌یه‌ک ئیراده‌تی به ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندیه‌وه بووه . له لایکی تره‌وه ” حافظ ” یش وه‌ک شاحێرێک ئه‌هلی سه‌یر و سلوکی عارفانه نه‌بووه و موریدی هیچ پیرێکی ته‌ریقه‌ت نه‌بووه . به‌ڵام له بڕێ له غه‌زه‌ڵه‌کانی‌دا جوانترین تابلۆه‌کانی عیرفان و ته‌سه‌وفی خوڵقاندووه . خوێندنه‌وه‌ی نالی له دین ، خوێندنه‌وه‌یکی شه‌ریعه‌تیانه‌یه ، نه‌وه‌ک عارفانه ! ئه‌وه‌ی ئاشکرایه ” نالی ” زۆرتر ستایشی معشوقی مه‌جازی کردووه !
پێم ده‌ڵێن : مه‌حبووبه خێل و قیچه ، مه‌یلی شه‌ڕ ده‌کا
خێل و قیچه ، یا ترازووی نازی نه‌ختێ سه‌ر ده‌کا !؟ ص 108 بیت 1
نالی که‌متر له بێ وه‌فایی و جه‌فای یار گله‌یی ئه‌کات . زۆرتر ناز و له‌نجه و لاری یاره‌که‌ی وه‌سف ئه‌کات . به دڵنیاییه‌وه نالی شاعیرێکی ناکام نه‌بووه و هاسه‌ری ژیانی ، هه‌ر هه‌مان معشوق و دڵداری بووه . شێعری ” نالی ” وه‌ک شێعری ” حافظ ” بۆن و به‌رامه‌ی خۆشی و شادی لێوه دێ و که‌متر باسی فه‌راق و دووری یاری ئه‌کات و ئومید به وه‌سڵ له شێعره‌کانیا شه‌پۆل ئه‌دات . ” نالی ” بۆ ده‌رخستنی جوانی شێعره‌کانی رێبازی عیلمی ( بدیع ) ی به باشی زانیوه و ناسیوه . زۆر جار له (جناس ) که‌ڵکی وه‌رگرتووه و له‌م بواره‌دا زمانی شێعری ” نالی ” زۆر له زمانی شێعری ” خاقانی ” ئه‌چێ .
برۆت هه‌ر چین و په‌رچه‌م چین له سه‌ر چین
ئه‌مه‌نده چینه ، قوربان ، پێم بڵێ چین !؟ ص 346 بیت 2
” نالی ” زۆر جار به ( واج آرایی ) له شێعره‌کانیا ، تابلۆگه‌لێکی جووان ئه‌نه‌خشێنێ . وه‌ک ئه‌م غه‌زه‌ڵه که ڕه‌دیفه‌که‌ی به زمانی فارسیه :
ڕوخم ڕه‌نگینی ڕه‌نگی ڕومه‌تی ڕه‌نگینته ، بازا !
قه‌دی سه‌روم که‌مانینی قه‌دی شیرینته ، بازا ! ص 95 بیت 1
” نالی ” پیاوی دینه ، به‌ڵام له دیندا توندڕه‌و نی‌یه و هه‌ست کردن به عشق و خۆشه‌ویستی وه‌ک خۆراکێک بۆ رۆحی ئینسان ئه‌زانێ . له‌م به‌یته‌دا له نێوان عاشق و عاقڵ‌دا هه‌ڵسه‌نگاندنێک ئه‌کاو عشق و عاشق به براوه ئه‌زانێ !
عاشق هه‌وه‌سی مه‌یکه‌ده‌وو عیلمی به‌سیته
عاقڵ ته‌ڵه‌بی مه‌دره‌سه‌وو جه‌هلی موره‌ککه‌ب ص 135 بیت 6
له شێعری فارسیشدا ، شاعیرانێک هه‌ن که عشق به براوه ئه‌زانن ، عه‌قڵیش به کۆت و به‌ندێک بۆ ئیحساس و عاتیفه ئه‌ژمار ئه‌که‌ن .
” نالی ” شێعر و پله‌ی که‌لام ، وه‌ک زۆربه‌ی له شاعیران به به‌هاو نایاب ئه‌زانێ و شێعر به حیکمه‌ت ناو ئه‌بات و فه‌رموویه‌تی :
” نالی ” نییه‌تی سیحری به‌یان ، حیکمه‌تی شیعره
ئه‌مما نییه‌تی قووه‌تی دڵ ، قودره‌تی ئینشا ص 78 بیت 7
شێعری ” نالی ” خاوه‌ن سێحرێکی ئه‌فسوون‌گه‌ره و له هه‌مان کاتیش‌دا خاوه‌ن حیکمه‌تێکی گه‌وره‌یه . شاعیر خۆی به به‌ر پرسیار ئه‌زانێ به‌رانبه‌ر به شاعیر بوونی ، نه که‌لام فیدای مانا ئه‌کات ، نه مانا به قوربانی که‌لام !
شاعیرێک به هێزه که بتوانێ له شێعره‌کانیا تابلۆگه‌لێکی ڕ‌ه‌نگین خه‌لق بکات . ” نالی ” به‌و په‌ڕی تواناییه‌وه ئه‌م تابلۆگه‌له له شێعره‌کانیا خه‌لق ئه‌کات .
ئه‌و ڕیتم و وه‌زنه ( عروض ) یانه وا ” نالی ” له چوار چێوه‌ی ئه‌وان‌دا شێعری هۆنیوه‌ته‌وه ، زۆربه‌یان شادن . ئه‌و وه‌زنه ( عروض ) یانه که ” نالی ” که‌ڵکی لێ وه‌ر گرتوون ، له‌و وه‌زنانه ئه‌چێ که شاعیرانی شێواز و سه‌بکی ( عراقی ) ، به تایبه‌ت ” حافظ ” و ” سعدی ” شێعریان پێ هۆنیوه‌ته‌وه . ” نالی ” زۆرتر له به‌حری ( هزج ) دا شێعری ووتووه‌و پێ ئه‌چێ که‌سێک بووبێت که ژیانی دوور له تاڵی و سوێری به سه‌ر بردبێت و که‌متر فه‌راق و دووری یاری کێشا بێ ! ( وه‌رگێڕ : به‌حری هزج ، به‌حرێکی شاده ) .
ڕه‌قیب و مودده‌عی فیتنه و عیلاقه‌ی چاوی جادووتن
له گۆشه‌ی گۆشه‌واره‌ت نائیبی هارووت و مارووتن ص 326 بیت 1
زوڵفانی سییه‌ه مه‌ستی وه‌کوو چاوی ( حه‌بیبه )
غاره‌ت که بکه‌ن ، دێن و ده‌چن ، ڕۆح بڕفێنن ص 339 بیت 6
زوڵفت که له سه‌ر ڕوو به خه‌م و تابشه ئه‌مڕۆ ،
دوودی سیه‌هی عووده له سه‌ر عاریزی پشکۆ ص 384 بیت 1
سه‌باره‌ت به‌و پێشه‌کی‌یه‌ی وا خوالێخۆشبوو ” ملا عبدالکریمی مدرس ” و مامۆستا ” فاتح عبدلکریم ” ، له به‌رایی دیوانی ” نالی ” دا نووسیویانه ، خستنه ڕووی ئه‌م خاڵه به گرنگ ئه‌زانم :
له پێشه‌کی دیوانی ” نالی ” دا به جۆرێک کاریگه‌ری ئه‌ده‌بیاتی فارسی له سه‌ر ” نالی ” و شێعری ئه‌و خراوه‌ته پشت گوێ‌و باسی لێ نه‌کراوه ! هه‌وڵ دراوه ئه‌وه بسه‌پێنرێ که ئه‌ده‌بی عه‌ره‌ب کاریگه‌رتر بووه له سه‌ر ” نالی ” ! . ( وه‌رگێڕ : پێ ئه‌چێ ئه‌م خاڵه بۆ هه‌ل و مه‌رجی ئه‌وسای باشووری کوردستان و عێراق بگه‌رێته‌وه که له کتێب و چاپه‌مه‌نیه‌کاندا هێنانی ناوی ” فارس ” بڤه بووبێت و له لایکی تره‌وه ئه‌و علاقه و هۆگریه که مامۆستا ” ملا عبدالکریم مدرس ” به عه‌ر‌ب و فه‌رهه‌نگی عه‌ر‌ه‌به‌وه بوویه‌تی کاریگه‌ری کردۆته سه‌ر ئه‌م پێشه‌کی‌یه )
له شێعره‌کانی ” نالی ” دا ووشه‌گه‌لێکی فارسی به دی ئه‌کرێ و ئه‌گه‌ر ووشه‌ی عه‌ره‌بیش هاتبێ ، زۆرتر ئه‌و ووشانه‌ن که عه‌ر‌بین و له کوردی و فارسی به کار بردنیان زۆره . ( وه‌رگێڕ : نه‌ک له دیوانی ” نالی ” دا ، به‌ڵکو له دیوانی شاعیرانی کلاسیکی کوردا ووشه‌گه‌لێک هه‌یه که به دڵنیاییه‌وه ناتوانین مۆرکی فارسی بوونیان پێوه بنێین ، ئه‌وه‌ش بۆ هاوڕیشه بوونی زمانی کوردی و فارسی ئه‌گه‌ڕێته‌وه ) .
ئه‌ستێره هه‌موو مه‌حوه له نێو نووری قه‌مه‌ردا ،
یا شه‌مسی جه‌مالت شه‌وی گێڕاوه به فه‌ردا ؟ ص 79 بیت 1
گوڵ هاته ده‌رێ ، لافی له حوسنی بوتی ما دا
له‌رزی قه‌دی به‌رزی ، له ڕقا زوڵفی که با دا ص 83 بیت 2
وه‌ها مه‌ستی ته‌ماشای چاوته ” نالی ” که نازانێ
به بێداری ده‌بینێ ، یا له نه‌شئه‌ی مه‌ستی‌یو خه‌ودا ! ص 89 بیت 7
له دیوانی ” نالی ” دا چوارینه‌یک به زمانی فارسی هاتووه :
سوی مصر است مرا عزم از این لجه‌ی غم
تا که در نیل کشم جامه ز بیداد و ستم
می‌رود ” نالی ” از این جا چو حریص از دنیا
با لب خشک و کف خالی و چشم پر غم
له لاپه‌ڕه 168 ی دیوانی ” نالی ” دا ، غه‌زه‌ڵێکی فارسی هاتووه که له‌و په‌ڕی جوانی و ناسکی‌دایه . زمانی غه‌زه‌ڵ پڕ له عشق و عاتیفه ، که ڕه‌وانی و به هێزی خامه‌ی ” نالی ” له هۆنینه‌وه‌ی شێعری فارسی‌دا ئه‌سه‌لمێنێ . ئه‌وه‌شمان بۆ ده‌ر ئه‌خات که ” نالی ” هۆگرێکی شێعر و ئه‌د‌بیاتی فارسی بووه . ئه‌م غه‌زه‌ڵه ناسکه‌ی ” نالی ” ، جوانی و ته‌ڕ و تازه‌یی شێعری ” حافظ ” و ” سعدی ” به بیری خوێنه‌ردا ئه‌هێنێته‌وه . کاتێ ئه‌ڵی :
ابروان تو طبیبان دل افگارانند
هر دو پیوسته از آن بر سر بیمارانند
گنج رخسار تو دیدن نبود زهره مرا
که ز زلف تو برو خفته سیه مارانند
ما هزاران ، ز غمت خسته و ناکام ولی
کامیاب از گل روی تو خس و خارانند
بر سر کوی خود از گریه مکن من‌ع مرا
زآنکه گل‌های چمن منتظر بارانند
نرگسان تو که خواب همه عالم بردند
خفتگانند ، ولی رهزن بیدارانند
” نالیا ” ار چه سگانش همه شب نالانند
که نه آن شیفتگان نیز جگر خوارانند ص 168
هه‌روه‌ها که پێش‌تر باسی لێ کرا ، ” نالی ” ئه‌هلی شه‌ریعه‌ته نه‌وه‌ک ته‌ریقه‌ت . ئه‌و له ووشکه سۆفی و ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕیا ئه‌که‌ن و خۆیان به پاک ئه‌زانن ، دوور ئه‌گرێ و زۆر جار له شێعره‌کانیا به ووشه‌ی ” ووشکه‌سۆفی ” ناویان ئه‌بات . ڕه‌ندی و ئازادی به ڕوخساری شێعره‌کانیه‌وه دیاره . کاتێ ئه‌ڵێ :
خۆشا ڕه‌ندێ له دنیا بێ موبالات و موجه‌ڕڕه‌د بێ !
به ڕۆژ زینده‌ی جه‌ماعه‌ت بێ ، به شه‌و مات و موجه‌ڕڕه‌د بێ ! ص 631 بیت 1
ئه‌گه‌ر ته‌کیه ، ئه‌گه‌ر شێخه ، هه‌موو داوی عه‌لایق بوون
بڵا ” نالی ” بچێ مه‌ستی خه‌رابات و موجه‌ڕڕه‌د بێ ! ص 632 بیت 5
وه‌ک سۆفی‌یی سافی مه‌به ئالووده به دونیا
بێهووده موکه‌دده‌ر مه‌که سه‌روچاوه‌یی مه‌شره‌ب ص 134 بیت 4
سۆفی‌یی خه‌ڵوه نشین بۆ نه‌زه‌رێکی گوڵی ڕووت
ڕه‌نگه وه‌ک نه‌رگسی ته‌ڕ چاوی سپی بێت و ده‌رێ ص 651 بیت 2
له شێعری فارسی‌دا ، شاعێرگه‌لێکی زۆر ( تضمین ) و ( ملمع ) یان به کار بردووه . به‌ڵام له ( مصراع ) ێک یان دێڕێک‌دا ! له کاتێکدا ” نالی ” تێکه‌ڵیکی تایبه‌ت و جوانی داوه به ووشه و ئه‌ڵێ :
تیر ناز نگه‌هک هر دله نیجه یری وار
عاشقک پاینه زولفک گیبی یوزبک سری وار ص 217 بیت 1
بزم می در ، ندما جمع ، قدح گرد شده
سوفی نک ورد و دعای سحر یله یری وار ص 218 بیت 3
له دیوانی ” نالی ” ، له لاپه‌ڕ‌ی 219 دا ، دوو به‌یت هاتووه و له شه‌رحی ئه‌و دوو به‌یته‌دا نووسراوه که ئه‌م دوو به‌یته ” نالی ” له زمانی عه‌ره‌بیه‌وه کردوویه‌تی به کوردی ! به‌ڵام ئه‌م دوو به‌یته هی نالی نین و هی ” معزی ” شاعیری ده‌رباری سه‌لجوقیه‌کانه .
آن زلف مشکبار بدان روی چون نگار
گر کوته است ، کوته‌ی از وی عجب مدار ص 219 بیت 1
شب در بهار میل کند سوی کوته‌ی
آن زلف چون شب آمد و آن روی چون بهار ص 219 بیت 2
وه‌سفی ” نالی ” له معشوق تازه و جوانه . که‌متر شاعێرێک تووانیبێتی وه‌ک ” نالی ” وه‌سفی جوانی معشوق و یاری بکات
ده‌خیلت بم نه‌خیلی یا ڕوتابی
وه‌ها شیرین و سینه نه‌رم و دڵ ڕه‌ق ! ص 252 بیت 2
زمانی شێعری ” نالی ” له زمانی شێعری شاعیرانێ وه‌ک ” خاقانی ” و ” انوری ” و ” حافظ ” و ” سعدی ” و ” بیدل ” و ” صائب ” ، زۆر نزیکه . ئه‌گه‌ر به چاوێکی ورده‌وه سه‌یری شێعر‌کانی ” نالی ” بکرێت ، تابلۆگه‌لێکی نه‌خشین له شێعری ئه‌م شاعێرانه له شێعری ” نالی ” دا به دی ئه‌کرێ . ئه‌مه به‌و مانایه نی‌یه که ” نالی ” به خوێندنه‌وه‌ی شێعری ئه‌وان بۆته ” نالی ” ! به‌ڵکو ” نالی ” له فه‌رهه‌نگ و زمانی خۆیدا هه‌ڵکه‌وتووه و ئه‌و زمان و فه‌رهه‌نگه‌یه که ” نالی ” کردۆته ” نالی ” !
به‌ڵام گۆڕینه‌وه‌ی ئیحساس و زمانی شێعری ، له نێوان شاعێرانێ که له یه‌ک هه‌رێمدا ژیاون ، به پێ‌ی ئاڵ و گۆڕه فه‌رهه‌نگیه‌کان و هاتووچوی فه‌رهه‌نگیه‌وه شتێک نی‌یه که که‌س بتوانێ ڕه‌دی بکاته‌وه . ( وه‌رگێڕ : ئه‌م دێڕانه به مانای چاولێکردنی ” نالی ” له که‌سێک یان که‌سێک له ” نالی ” نی‌یه . به‌ڵکو ته‌نیا گۆڕینه‌وه‌ی ئیحساس و عاتیفه و زمانی شێعریه ، که زۆر جار نووسه‌ران و شاعێران خۆیان له‌م ئاڵ‌وگۆڕکردنه بێ ئاگان ! )
له ده‌ره‌وه‌ی شێواز و سه‌بکی ( عراقی ) دا ، زۆرێ له شاعێرانی ( شبه قاره ) له غه‌زه‌ڵه‌کانی فارسی به گه‌رمی پێشوازیان کردووه . ” حافظ ” ئه‌ڵێ :
طوطیان هند همه شکرشکن شوند
زین قند پارسی که به بنگاله می‌رود
له ده‌وران و شێواز و سه‌بکی ( هندی ) بڕێ له شاعێرانی ئه‌سپه‌هان ڕوویان کرده هێندستان . ئه‌مه بووه هۆی کاریگه‌ری شێعری ئه‌سپه‌هان به سه‌ر شێعری ( شبه قاره ) ی هێندستانه‌وه . له شێعری شاعێرانی شێواز و سه‌بکی ( خراسانی ) دا ، به تایبه‌ت شێعره‌کانی ” منوچهری ” ، کاریگه‌ری زمان و شێعری عه‌ره‌ب به سه‌ریانه‌وه دیاره . لێره‌یه که ئیتر تێکه‌ڵی زمان به مانای چاو لێکردنی کوێرکوێرانه نی‌یه ، به‌ڵکو هاوفکری و هاوبیریه له خه‌مڵاندنی خه‌یاڵ و ئیحساس ! غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌ی فارسی کاریگه‌رتره به سه‌ر ” نالی” یه‌وه تا شێعری عه‌ره‌ب . ئه‌مه‌ش بۆ یه‌ک ڕیشه بوونی زمانی کوردی و فارسی ئه‌گه‌ڕێته‌وه .
ده‌ره‌ختی سه‌رو له دێر زه‌مانه‌وه وه‌ک دره‌ختێکی پیرۆز ، له فه‌رهه‌نگی ئێرانیه‌کاندا چاوی لێ کراوه . له شێواز و سه‌بکی ( خراسانی ) و ( عراقی ) دا ، شاعێرانێکی زۆر له شێعره‌کانیاندا سه‌رویان به کار بردووه . سه‌رو سه‌مبۆلی ڕاست قامه‌تی یار و ئازاده‌گی بووه . ” نالی ” له شێعرهکانیدا سه‌رو وه‌ک ئیسته‌عاره‌یک له یار به کار ئه‌بات . ئه‌مه له کاتێکدایه که له فه‌رهه‌نگی کورده‌واری ، به تایبه‌ت فۆلکلۆری کوردی ، دره‌ختی چنار وه‌ک ئیستعاره له قامه‌تی یار به کار هاتووه . پێ ئه‌چێ ” نالی ” له شێعری خۆیدا سه‌روی هه‌ر وه‌ک مانای سه‌رو له شێعری فارسی دا به کار بردبێت . ( وه‌رگێڕ : خستنه ڕووی ئه‌م خاڵه به گرنگ ئه‌زانم که ” نالی ” زۆربه‌ی ژیانی له سلێمانی ، ناوه‌ندی حکومه‌تی بابانه‌کان به سه‌ر بردووه و ئه‌وه‌ی وا شاری سلێمانی له نزیکه‌وه بینیبێ ئه‌زانێ که داری سه‌رو له سلێمانی و ده‌وروبه‌ری زۆره ! )
” نالی ” مه‌که وه‌سفی تۆ .. باریکه نه‌مامی تۆ
مه‌علوومه که سه‌روی تۆ بێ میسله له دونیایه ص 563 بیت 6
” نالی ” له قوڵایی مانا و ووشه تێ گه‌یشتووه ، بۆیه له نێو شاعێرانی کلاسیکی کورد‌دا هاوتاو هاوشێوه‌ی که‌مه . ” نالی ” به شێعری خۆیه‌وه فه‌خری کردووه و به ڕاستی ئه‌م فه‌خره هه‌ر شایانی خۆیه . ئه‌و ووشه‌و کلیماتانه بۆمان ده‌ر ئه‌خات که له عیلمی زه‌مانی خۆیدا تا ڕاده‌یه‌ک ده‌ست ڕۆیشتوو بووه :
بولبولی ته‌بعم ئه‌وا دیسان سه‌نا خوانیی ئه‌کا
نوکته سه‌نجی و م به‌زله گوویی و ، عه‌نبه‌ر ئه‌فشانی ئه‌کا ص 101 بیت 1
شێعری خه‌ڵقی که‌ی ده‌گاته شێعری من بۆ نازکی !؟
که‌ی له دیققه‌تدا په‌تک ده‌عوا له گه‌ڵ هه‌ودا ده‌کا !؟ ص 107 بیت 5
” نالی ” له خۆبایی بوون و فه‌خر فرۆشی ڕه‌د ئه‌کاته‌وه و فه‌خری خۆی له گه‌ڵ غرور و له خۆبایی بون به جیاواز ئه‌زانێ و ئه‌ڵی :
هه‌ر که‌سێ ئیزهاری دانایی بکات و ، مه‌قسه‌دی
خود په‌سه‌ندی بێ ، یه‌قین ئیزهاری نادانی ده‌کا ص 101 بیت 2
گه‌وره پیاوانی ئه‌ده‌بیاتی کوردی وه‌ک ” گیو موکریانی ” و ” محمد امین کاردۆخی ” له ” نالی ” ڕه‌خنه‌یان گرتووه که بۆچی شێعری میللی و نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی نی‌یه! یان بۆچی له‌و قه‌سیده به ناو بانگه‌ی خۆیدا ، هه‌جوی خاتوو ” مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان ” ی کردووه !؟ پێویسته له وه‌ڵامدا بێژین ” نالی ” له ڕۆژگارێکدا ژیانی بردۆته سه‌ر که کورد له سلێمانی ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه بووه و حوکمڕانی بابان له‌و په‌ڕی به هێزی‌دا بووه . بۆیه ” نالی ” که‌لێنێکی له بواری میللیه‌وه هه‌ست نه‌کردووه . ( وه‌رگێڕ : له لایکی‌تره‌وه ناسیۆناڵیسمی کوردی له‌و کاته‌دا که عۆسمانیه‌کان له‌و په‌ڕی هێز و ده‌سه‌ڵاتدا بوونه ، ئه‌وه‌نده پێش که‌وتوو نه‌بووه و به داخه‌وه زۆرتر لایه‌نگری له بیر و باوه‌ڕێکی تایبه‌تی دینی و مه‌زهه‌بی پێوانه‌ی ئه‌ندێشه‌کان بووه . وا ئه‌زانم هه‌ر ئه‌وه که ” نالی ” دووای ئه‌و دووبه‌ره‌کیه نه‌حسه‌ی وا به‌رۆکی به بابانه‌کان گرت ، سلێمانی به جێهێشت و ڕووی له شام کرد ، خۆی له‌و په‌ڕی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و کوردایه‌تیا بووبێت . )
له‌و کاته‌دا که ” نالی ” ژیاوه زمانی عه‌ره‌بی ، زمانی عیلمی و ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی ئه‌و ڕۆژگاره بووه و بڕێ که‌س ڕه‌خنه‌یان له ” نالی ” گرتووه ، که بۆچی به کوردی شێعر ئه‌نووسێ و ، خۆی ئاوقه‌وی زمانی عه‌ره‌بی ناکات !؟ ” نالی ” له وه‌ڵامدا فه‌رموویه :
که‌س به ئه‌لفازم نه‌ڵێ خۆ کوردی‌یه ، خۆ کردی‌یه
هه‌ر که‌سێ نادان نه‌بێ ، خۆی تالیبی مه‌عنا ده‌کا ص 107 بیت 3
له شوێنێکی‌تردا ” نالی ” هه‌ر به ئه‌نقه‌ست ئیشاره به کوردی وێژی خۆی ئه‌کات و ئه‌ڵێ :
ته‌بعی شه‌ککه‌ر باری من ، کوردی ئه‌گه‌ر ئینشا ئه‌کا
ئیمتحانی خۆیه مه‌قسوودی ، له ( عمدا ) وا ده‌کا ص 107 بیت 1
زۆرن که‌سانێ که وا ئه‌زانن هه‌ر شاعێرێکی کورد ئه‌بێ شێعری نه‌ته‌وایه‌تی بڵێت و ئه‌گه‌ر شاعێرێک له‌م بوواره‌دا ئه‌سپی خه‌یاڵ و خامه‌ی تاونه‌دات ، ئیتر که‌لێنێکی گه‌وره‌ی هه‌یه له ژیانی شاعێریه‌تی خۆ‌یا ! پێوویسته بڵێم که له ئه‌ده‌بی فارسیشدا ، جیا له‌و کتێبه حه‌ماسیانه ، تا ده‌وره‌ی ( مشروطه ) ، شێعری میللی له شێعری شاعێرانی فارس‌دا که‌متر ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه !
” نالی ” که‌لێنه‌کانی شێعری کوردی به بوونی خۆی و شێعره‌کانی پڕ کردۆته‌وه و جا ئه‌گه‌ر شێعری میللی و نه‌ته‌وایه‌تی نه‌وتووه ، له لایکی‌تره‌وه به هۆنینه‌وه‌ی ئه‌و غه‌زه‌ڵه ته‌ڕوئاودارانه‌وه ، بۆ هه‌تاهه‌تایه ئه‌ده‌بیاتی کوردی کرده خاوه‌ن ئه‌د‌بی ( غنایی ) .
ڕه‌خنه‌یک که له ” نالی ” گیراوه‌و زۆر له سه‌ری باس و خواست کراوه ، ئه‌و قه‌سیده ناوداره‌یه که گوایه ” نالی ” له هه‌جوی ” مه‌ستووره خانمی ئه‌رده‌ڵان ” دا ووتویه‌تی . ( هجو ) و ( هزل ) له شێعری زۆرێک له شاعێران ، ته‌نانه‌ت شاعێرانێک وا سۆفی و عارف بوونه هه‌یه . ئه‌گه‌ر ” نالی ” به ڕوونی وه‌سفی ناڕه‌وای جسمی کردووه ، وه‌سفی ناڕه‌وا له ووته‌و گوفتدا ، له عالمی شاعێری‌دا ڕه‌وایه . له شێعری ” نالی ” ووشه‌ی ناشیرین و سووک به دی ناکرێ و وه‌سف له لای ” نالی ” زۆرتر به شێوه‌ی ( استعاره ) و ( تشبیه ) و ( کنایه ) هاتووه . وه‌سفی ” نالی ” له زۆر جێگادا وه‌ک موعه‌مایکی لێ دێ‌و ئه‌گه‌ر که‌سێک وه‌سف و ئیشاراتی ” نالی ” نه‌زانێ ، قه‌د ناتووانێ ده‌رکێ که ” نالی ” مه‌به‌ستی بووه ، له شێعره‌کانی بکات .
له شێعری فارسی ، ” مولانا ” له ” مثنوی و معنوی ” دا چه‌ند جارێک ، وه‌سفی ناڕه‌وای به ڕوونی هاورده و ” سعدی ” له ( هزلیات ) و ( گلستان و بوستان ) ی‌دا به ئیستعاره و ” عبید زاکانی ” له ( رساله‌ی دلگشا ) دا و ” ایرج میرزا ” له شێعرهکانیدا ، ئه‌م جۆره وه‌سفه‌یان کردووه . ” نالی ” له پێشه‌کی ئه‌و قه‌سیده دا ئه‌ڵێ ؛ ئه‌مه خه‌وه ! ئیتر منی خوێنه‌ری شێعره‌که ئاگادار ئه‌کاته‌وه که ئه‌م وه‌سفانه ، وه‌سفێکی خه‌یاڵی و دوور له ڕاستیه !
ئه‌توانین ئه‌م شێعره بخه‌ینه بازنه‌ی ( هجوی نمایشی و خیالی ) یه‌وه . نالی له‌م شێعره‌دا نایه‌وێ مه‌ستووره هه‌تک بکات و به سووکی و ناشیرینی ناوی ببات . به‌ڵکوو ئه‌م شێعره هه‌ڵ قوڵاوی ناخ و ده‌روونی شاعێره ! له لایکی تره‌وه ئه‌م جۆره هه‌جوانه له ئه‌ده‌بی کوردی‌دا زۆر که‌من و پێ ئه‌چێ ” نالی ” یه‌که‌م که‌س بێت که جورئه‌تی ئه‌وه‌ی کردبێت که له‌و په‌ڕی جوانی دا شێعری وا بخوڵقێنێ .
وه‌سفی ” نالی ” له معشوق ئه‌وه‌نده جوان و شاعێرانه‌یه که له ئه‌ده‌بیاتی کورد و فارس و عه‌ره‌ب دا وێنه‌ی زۆر که‌مه . ناسینی ” نالی ” و شێعری ئه‌و ، به‌و ئاسانی‌یه که بیری لێ بکه‌ینه‌وه نی‌یه و توانای عیلمی و ئه‌ده‌بی ئه‌وێ . شێعری ” نالی ” ، شێعری مه‌کته‌بی رۆمانتیکه و ئه‌گه‌ر به چاوی وورده‌وه سه‌یری شێعره‌کانی بکه‌ین ، شێعریشی له مه‌کته‌بی ” رئالیسم ” دا هۆنیوه‌ته‌وه . به‌ڵام سه‌رجه‌م دیوانه‌که‌ی ” نالی ” وامان بۆ ده‌ر ئه‌خات که ” نالی ” شاعێرێکی رۆمانتیکه .
” نالی ” له هه‌ر بوارێک‌دا ئه‌سپی خه‌یاڵ و خامه‌ی تاودابێ ، به جوانی سیحری ووشه‌و که‌لامی ئاشکرایه . کاتێ له وه‌سفی پیری‌دا ئه‌فه‌رمێ :
مووی سپی کردم به شوشتن ئاوی عه‌ینی شۆره شه‌ت
شۆره شه‌ت یه‌عنی که تێدا خود به خود قه‌ل بو به به‌ت ص 242 بیت 1
یا کاتێ له وه‌سفی خه‌نده‌ی یار و گریه‌ی خۆیدا فه‌رموویه‌تی :
من گریه ، ئه‌تۆ خه‌نده به یه‌کدی ده‌فرۆشین
من له‌علی به‌ده‌خشان و ، ئه‌تۆ لوئلوئی لالا ص 115 بیت 4
له کۆتایی‌دا هه‌ر ئه‌وه ماوه بڵێین که با هه‌وڵ بدرێ ” نالی ” و هه‌موو که‌ڵه نووسه‌رو شاعێرانی ئه‌م گه‌له ، ئه‌و جۆره که شیاویانه و شایسته‌یانه به نه‌وه‌ی داهاتوومان بناسرێن . با نه‌سڵی ئێستامان خۆیان به به‌ر پرسیار بزانن له پاراستنی ئه‌م گه‌نجینه گه‌وره و ده‌وڵه‌مه‌نده .
Feb
5
” خاتوون ” بیانوویک بۆ ئه‌م نووسینه !
دسته بندي: هه‌مه‌ڕه‌نگ, ڕوانگه و ڕه‌خنه | 7 نظر
مێژووی گۆرانی و ئاواز و مۆسیقای کوردی ، به درێژایی خۆی که‌سانێکی به خۆیه‌وه بینیوه که هه‌ر کام به‌و په‌ڕی هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تیه‌وه خزمه‌تی گه‌له‌که‌ی خۆیانیان کردووه . هه‌ر کام له ” سێوه ” ، ” تایه‌ر تۆفێق ” ، ” عه‌لی مه‌ردان ” ، ” حه‌سه‌ن زیره‌ک ” و ” حه‌مه‌ی ماملێ ” و … ، ته‌مه‌نی خۆیان به‌و په‌ڕی شانازیه‌وه بۆ گه‌شه و زیندوو ڕاگرتنی ئاواز و مۆسیقای کوردی ته‌رخان کردووه .
له ئێستای گۆرانی و مۆسیقای کوردی‌دا ، به داخه‌وه مۆسیقازانان و گۆرانی‌بێژ‌ه‌کانمان به ناوی داهێنان و تازه‌گه‌ریه‌وه ڕوویان له گۆرانیه عه‌ره‌بی و تورکی و فارسیه‌کان کردووه و به که‌لامێکی سوک و ناشیرین و بێ‌مانا ، ئه‌یان که‌ن به کوردی و به تێکه‌ڵی له گه‌ڵ خۆ بادانی ژنانی ڕوت و قوت ! ده‌رخواردی خه‌ڵکی ئه‌ده‌ن .
که‌متر گۆرانی بێژێ توانیویه‌تی له‌م گێژاوه‌ی ئێستای مۆسیقای کوردی دا ، رێباز و ڕێچکه‌ی ڕه‌سه‌ن بناسێت و بیگرێته‌به‌ر و ڕه‌سه‌نایه‌تی تێکه‌ڵ به داهێنان و تازه‌گه‌ری بکات . به ڕای من گێژاوی ئێستای مۆسیقای کوردی و نه‌بونی گۆرانی بێژی پرۆفشناڵ که بتوانێ ره‌سه‌نایه‌تی تێکه‌ڵ به داهێنان و تازه‌گه‌ری بکات ، بوه فاکته‌رێ که ” عه‌دنان که‌ریم ” زۆر زوو بتوانێ وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی کارامه و توانا خۆی به خه‌ڵکی کوردستان بناسێنێت .
” عه‌دنان که‌ریم ” به زیره‌کیه‌وه که‌لام و شێعری شاعێرانی کلاسیک هه‌ڵ ئه‌بژێرێ و له هه‌مان کات‌دا خۆی ئاوقه‌وی شێعری نوێ و تازه ئه‌کات . تا له یه‌ک کات‌دا دڵی چینی کلاسیک و کۆنی کۆمه‌ڵگای کوردی ، له گه‌ڵ بیر و ڕای جیلی خوێنه‌وار و مام ناوه‌ندی ڕازی بکات .
فاکته‌ری گرنگ له سه‌رکه‌وتنی هونه‌ری عه‌دنان که‌ریم دا ، زانایی و لێهاتوویی و زاڵ بوونیه به سه‌ر عیلمی مۆسیقا دا – هونه‌رمه‌ند به سه‌ر ئامێری عود دا زاڵه - ، جیا له وه ، هونه‌رمه‌ند به پرس و ڕا کردنی مۆسیقا زانان و هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی کورد ، که‌لێنه‌کانی هونه‌ری خۆی به باشی پڕ کردۆته‌وه .
به‌رهه‌مه یه‌ک له دووا یه‌که‌کانی ، هه‌ر زۆر زوو تووانیان دڵی بیسه‌ر بپێ‌کن و له بیر و هۆشی مرۆڤی کورد‌دا بمێنه‌وه .به‌ڵام دووای هاوکاری نزیکی عه‌دنان که‌ریم له گه‌ڵ گرووپی کامکاره‌کان ، ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه که هونه‌ری عه‌دنان به‌ره‌و کوێ ئه‌ڕوات !؟
که‌س حاشا له‌وه ناکات که جووانترین و به سۆزترین گۆرانی‌یه‌کانی عه‌دنان که‌ریم هی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ن که به‌ر له کار کردن له گه‌ڵ کامکارهکاندا تۆماری کردووه ! شاکار گه‌لێکی وه‌ک ئه‌لبوومی ” شنه‌ی با ” ، ” ئه‌ڕۆی ئۆغر ” ، … . تا ئه‌م دوواییه که له یاده‌که‌ی ” حه‌زره‌تی نالی ” له سلێمانی و له کۆنسێرتی ستکهۆڵم له گه‌ڵ گروپی ” ئاگری زیندوو ” وه‌ک تاکه ئه‌ستێره‌ی ئێستای هونه‌ری کوردی د‌ره‌وشایه‌وه .
له لایکی تره‌وه گروپی کامکاره‌کان جیا له‌و هه‌موو ئه‌زموون و مێژووه قه‌ده‌ره‌ی که له بوواری مۆسیقا دا هه‌یانه ، که‌متر تووانیویانه که کارێکی وه‌ها به سۆزی کوردی بکه‌ن که بتوانێ له مێژووی بیره‌وه‌ری هونه‌ری و هه‌ست و زه‌وقی مرۆڤی کورد‌دا بۆ درێژ ماوه بمێنێته‌وه . له لایکی تریشه‌وه زانست و هونه‌ری کامکاره‌کان زۆرتر له خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی خۆیان و مۆسیقای غه‌یره کوردی‌دا بووه تا مۆسیقا و ئاواز و هونه‌رمه‌ندانی کورد‌دا ! ئه‌ی ئه‌وه نی‌یه که به‌و هه‌موو شاره‌زایی و لێهاتوویه‌وه که له بوواری عیلمی مۆسیقادا هه‌یانه ، که‌متر هاوکاری هونه‌رمه‌ندانی کوردیان کردووه .
مێژووی سه‌رکه‌وتنی هونه‌ری عه‌دنان که‌ریم ( به تایبه‌ت له دووای یاده‌که‌ی نالی له سلێمانی ) ، وای کرد که کامکاره‌کان له عه‌دنان و ئه‌و له کامکاره‌کان ، نزیک بکاته‌وه .
تا ئێستا کۆکراوه‌ی کاری هاوبه‌شی گروپی کامکاره‌کان له گه‌ڵ عه‌دنان که‌ریم دا بۆ سێ ئه‌لبووم ئه‌گه‌ڕێته‌وه ؛
یه‌که‌م : ئه‌مشه‌و
دووه‌م : وه‌فایی
سێهه‌م : خاتوون
به چاو خشاندنێکی وورد به سه‌ر ئه‌م سێ ئه‌لبوومه‌دا ڕوون و ئاشکرایه که ڕه‌وتی ژێرده‌سته خستنی هونه‌ری عه‌دنان که‌ریم له لایه‌ن کامکاره‌کانه‌وه له به‌رهه‌می یه‌که‌م تا خاتوون به‌ره‌و پێش‌تر چووه و به‌رهه‌مه‌کان وه‌کوو به‌رهه‌می گرووپ نیشان ئه‌درێ ، نه‌ک هونه‌ری تاکه که‌سی عه‌دنان که‌ریم . له تاران کۆنسیرتی عه‌دنان که‌ریم به‌ڕێوه چوو ، من بۆ خۆم ته‌نیا و ته‌نیا به بۆنه‌ی عه‌دنانه‌وه چووم بۆ تاران . ڕوون و ئاشکرا بوو که عه‌دنان وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکی ئاماتۆر نیشان ئه‌دراو ته‌نیا یه‌ک دوو گۆرانی نه‌بێ ، گۆرانی بێژی کۆنسێرته‌که ، که‌سێکی بنه‌ماڵه‌ی کامکاره‌کان بوو . یان له به‌رهه‌می ئه‌م دوواییه‌دا ( خاتوون ) ، سی‌د‌یه‌که وه‌کوو به‌رهه‌مێکی په‌نجا په‌نجا ، له نێوان عه‌دنان و سه‌بای کامکار و بنه‌ماڵه‌ی کامکارهکاندا دابه‌ش کراوه !!! ئه‌مه له کاتێکدایه که سه‌با کامکار له ئاستی شاگردان و قوتابیانی پله دووه‌م و سێهه‌می عه‌دنان که‌ریم دا نی‌یه !!!
وا ئه‌زانم هونه‌ری هه‌ر گه‌لێک به ڕه‌خنه و گله‌یی به‌ره‌و پێش ئه‌ڕوات . بۆیه به ڕای من باشتر وایه یان باشتر وابوو که عه‌دنان که‌ریم هه‌ربه ستایلی تایبه‌ت به خۆی به‌رهه‌می هونه‌ری بخوڵقێنێت و به بیانووی تازه‌گه‌ری و شێوه‌گۆرانی تازه ، نه‌بێته چرایک که ته‌نیا ڕێگه بۆ سه‌رکه‌وتن و ناودار کردنی که‌سانێکی‌تر ڕووناک کاته‌وه و خۆی و هونه‌ری خۆی نه‌کاته قوربانی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هیچ که‌سێک ، یان گرووپێک . با ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی وا ئیمانیان به عه‌دنان و عوده‌که‌ی هه‌یه ، هه‌ر له خۆڕایی له ده‌ستی نه‌دات !!!!
Jan
7
ئه‌وه‌ی وا زاناتره ، گه‌وره‌تره .
دسته بندي: ڕوانگه و ڕه‌خنه, کۆمه‌ڵگا | 2 نظر
هه‌ژار له ” چێشتی مجێو‌ر ” دا بۆ ” خانی ” کو‌ڕی خۆی وای نووسیوه :
” هه‌وڵ بده باوکت به بۆنه‌ی تۆوه بناسن نه‌ک تۆ به بۆنه‌ی باوکته‌وه “
له‌و رۆژه‌وه خۆم ناسیوه ، ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه که به ڕاستی ئه‌ده‌بی کلاسیکی کوردی تا ڕاده‌یک به‌رهه‌می نێو خانه‌قاکانی بنه‌ماڵه‌ی نقشبه‌ندیه ، خۆم به سه‌ر به‌رز و به‌خته‌ور زانیوه که منیش که‌سێکم له‌و بنه‌ماڵه‌یه . به‌ڵام که‌سانێ هه‌ن که هێشتا وائه‌زانن ده‌وری شێخایه‌تی و به‌گایه‌تی ماوه و خۆیان به سه‌رتر له خه‌ڵک ئه‌زانن و به بیر و بۆچوونێکی کۆنه‌په‌ره‌ستانه‌وه خه‌ریکی نووسینه‌وه‌ی به ناو ” شجره نامه ” ن . که‌چی نازانن کۆمه‌ڵگا گۆڕانکاری به سه‌ر دا هاتووه‌و جیل و نه‌وه‌ی ئێستا ، ئه‌وه‌ی وا زاناتره ، به گه‌وره‌تر و سه‌رتری ئه‌زانن .
Jan
2
نان!
دسته بندي: بێ تووانج, هه‌مه‌ڕه‌نگ, کۆمه‌ڵگا | 1 نظر
Nov
8
عه‌دنان که‌ریم
دسته بندي: هه‌مه‌ڕه‌نگ | 4 نظر
پاییز بوو باران نم نم ئه‌باری
نیگای چاوانی پاییزو مه‌ستی
وه‌ک چه‌م ڕژایه ده‌شتی گیانمه‌وه
ده‌ستی خۆزگه‌می خسته نێۆ ده‌ستی
…
له شه‌وه پاییزێکی درێژی کوردستان‌دا ، که‌ناڵی کورد سات ، میوانداری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ” عه‌دنان که‌ریم ” ی کرد . ئاشنایی من له گه‌ڵ ده‌نگ و که‌سایه‌تی ئه‌م هونه‌رمه‌نده ئازیزه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 88 ی زایینی که‌مێ دووای کاره‌ساتی دڵ ته‌زێنی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید . ئه‌وسا و ئێستاش ، به ده‌نگی ئه‌م که‌ڵه هونه‌رمه‌نده ، خه‌م و مه‌راق به با ئه‌ده‌م و ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ریه‌کانم وه‌ره‌ق ئه‌ده‌مه‌وه .
به‌ڕای من فاکته‌ری هه‌ره گرنگ له سه‌رکه‌وتنی هونه‌ری ” عه‌دنان که‌ریم ” ، به پێچه‌وانه‌ی به‌ناو هونه‌رمه‌ندانی ئێستای کوردستان ( به تایبه‌ت له باشووری کوردستان ) دا ! ، بوونی ڕۆح و مۆرکێکی کوردیه که به ئاواز و گۆرانیه‌کانیه‌وه دیاره . ڕۆحێ که ته‌نیا و ته‌نیا به ده‌نگی تایه‌رتۆفێق و عه‌لی‌مه‌ردان و حه‌مه‌ی ماملێ و زیره‌ک و … وه دیاره . فاکته‌رێ‌تر که وای له ” عه‌دنان که‌ریم ” کردووه که ببێ به ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی که منی کورد شانازی پێوه بکه‌م و ئه‌که‌م ، ئه‌وه‌یه که ” کا عه‌دنان ” به زیره‌کی و وه‌سواسێکی تایبه‌ت به خۆی له گوڵزاری شاعیرانی کورد‌دا شێعر و هۆنراوه هه‌ڵ‌ئه‌بژێرێ و ئاوازیان له سه‌ر دائه‌نێ . ئه‌وه نی‌یه که جوانترین غه‌زه‌ڵه‌کانی نالی و وه‌فایی ئه‌کا به سۆزێکی ئاسمانی‌و ، وا له مرۆڤ ئه‌کا هه‌ست به نه‌مری و زیندوویی نالی و وه‌فایی و هێمن و … بکات !!! ئه‌م هونه‌رمه‌نده گه‌وره له دووایین به‌رهه‌می ( به نێوی ” خاتوون ” ) له گه‌ل گروپی ” کامکار ” ه‌کاندا ، به خوێندنی هۆنراوه‌کانی شاعیری هاوچه‌رخ ، ” عه‌بدۆڵا په‌شێۆ “ ئه‌وه‌ی نیشان دا که تووانای ئه‌وه‌ی هه‌یه که شێعری نوێ بکا به ئاوازی ڕه‌سه‌ن و دیوه‌خانی گۆرانی و هونه‌ری کوردی پێ ده‌وڵه‌مه‌ند‌تر بکات .
له یه‌ک دێڕ‌دا ته‌نیا ئه‌توانم بڵێم که ” عه‌دنان که‌ریم ” له به‌رزایه‌کانی هونه‌ره‌وه هاتووه و هه‌ر له یه‌که‌م کاری هونه‌ریه‌وه له لووتکه و ترۆپکی هونه‌ردا خۆی بینیوه‌ته‌وه .
**********
* با هه‌موومان به کڕینی ئه‌لبۆمی ئۆرجیناڵ هانده‌رێ بین بۆ پاڵپشتی کردنی هونه‌رمه‌ندانی کورد بۆ کاری باشتر!




